
به‌چاودێری سه‌فین موحسین دزه‌یی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ئاماده‌بوونی شێردڵ ته‌حسین سه‌رۆكی لێژنه‌ی وه‌رزشی له په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ندین به‌رپرسی حكومی و حیزبی، فیستڤاڵی ساڵانه‌ی په‌روه‌رده‌كانی سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له یاریگه‌ی یانه‌ی وه‌رزشی شه‌قڵاوه به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا وه‌زیری په‌روه‌رده رێگه‌ی به‌كردنه‌وه‌ی فیستڤاڵه‌كه‌دا دواتر رێڕۆیشتنی شاندی په‌روه‌رده‌كان به‌ڕێوه‌چوو، پاشان قوتابیانی قوتابخانه‌كانی رۆساك و شه‌قڵاوه‌و به‌رده‌قاره‌مانی بنه‌ڕه‌تی له شه‌قڵاوه چه‌ندین تابلۆی زه‌مینیان له‌نێو یاریگهكهدا نمایش كرد.
دواتر پێشبڕكێی یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان ده‌ستی پێكردو له‌ئه‌نجامدا هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و شه‌قڵاوه یه‌كه‌م و دووه‌می یارییه‌كانی ئاستی كوڕان و كچانیان وه‌ده‌ست هێناو هه‌ریه‌كه له په‌روه‌رده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر سێیه‌می كوڕان و چۆمانیش پله‌ی سێیه‌می كچانی وه‌ده‌ستهێنا.
له‌كۆتاییشدا خه‌ڵات و دیاری به‌سه‌ر یاریزان و هه‌ڵبژارده‌ی په‌روه‌رده سه‌ركه‌وتووه‌كان و قوتابخانه به‌شداربووه‌كان دابه‌شكرا.