
به‌چاودێری سه‌فین موحسین دزه‌یی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 19/4/2010 هه‌فته‌ی جیهانی خوێندن بۆ هه‌مووان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد كه تا 25/4/2010 به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ندین چالاكی په‌وره‌رده‌یی له‌خۆده‌گرێت.
له‌م باره‌یه‌وه وشیار حه‌مه‌د حاجی به‌ڕێوه‌به‌ری فێركردنی خێرا له وه‌زاره‌تی په‌وره‌رده گوتی:
ساڵانه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان شانبه‌شانی وڵاتانی جیهان ئه‌م یاده به‌رزراده‌گرێت و ئه‌مساڵیش به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ رێكخراوی یۆنیسكۆ چه‌ندین چالاكی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین له ژێر دروشمی (به‌پاڵپشتی دارایی به‌ره‌و په‌روه‌رده‌ی جۆری وبابه‌تیانه‌ی باش).
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:.........
مامۆستا وپهروهردهكارانی به‌رێز ............
قوتابی وخوێندكارانی ئازیز .............
هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست ...........
رێكخراوی یۆنیسكۆ ساڵانه به‌هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌فته‌ی جیهانی بۆفێربوون بۆهه‌مووان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ڕاده‌گه‌یه‌نێت ورێك ده‌خات هه‌ر ساڵه وله‌ژێر دروشمێكدا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات, بۆئهمساڵی خوێندنیش ئه‌م هه‌فته‌یه له‌ماوه‌ی نێوان 19-25 نیسان 2010 له‌ژێر دروشمی(به‌پاڵپشتی دارایی به‌ره‌و په‌روه‌رده‌ی جۆری وبابه‌تیانه‌ی باش) ساز ده‌ده‌رێت كه زه‌مینه خۆشده‌كات بۆپیادهكردنی ئه‌و مافه بۆ هه‌مووان و پاڵپشتی پرۆسه‌ی فێربوونی گه‌وره‌یه تا بتوانرێ له‌گه‌ڵ فه‌راهه‌مكردن ودابینكردنی خوێندن بۆمنداڵ وههرزهكاران كرداری پرۆسه‌ی فێركردنی گه‌وره ونه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری گرنگی زیاتری پێبدرێت وئهكتیف بكرێت, رێكخستنی ئه‌م هه‌فته جیهانییه ئامانج ومه‌به‌ستی جه‌ختكردنه لهسهردهرخستنی بایه‌خی په‌روه‌رده وفێركردن له‌ژیانی مرۆڤ وخێزان وكۆمه‌ڵگه‌دا ولهههمانكاتیشدا جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی(كۆنگره‌ی جیهانی داكار)ه كه هه‌موو گه‌لان و وڵاتانی دونیا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ئه‌م ئامانجانه بێننه بواری جێبه‌جێكردن وپیاده‌كردنی وده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی مرۆڤ .
له‌ڕوانگه‌ی جێبه‌جێكردنی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی هاوچه‌رخ كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستاندا به‌هه‌مان دروشمی(فێربوون بۆ هه‌مووان) په‌یڕه‌وی ده‌كات, یه‌كێك له ته‌وه‌ره گرنگه‌كانی له ڕوانگه‌ی ده‌سته‌به‌ربوونی مافه‌كانی تاكه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌كتیڤكردنی ڕۆڵی خێزان وبهشداربوونی كارایان له‌په‌روه‌رده وفێركردن هاوشانی قوتابخانه وخوێندنگه, به‌مه‌به‌ستی نه‌شونمای تاكه‌كان وپێشخستنی شێوازی ژیانیان وپێگهقایم كردنی كه‌سایه‌تی قوتابیوخوێندكارانی ئازیز له‌هه‌موو ڕووێكه‌وه و بۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ ژیانی سه‌رده‌میانه‌ی ئه‌مڕۆی شارستانیه‌ت وهه‌ڵگرتنی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه نیشتیمانیه وناساندنی ئه‌رك و ڕۆڵیان له‌هه‌ماهه‌نگی وبه‌دواداچوونیان بۆپێشكهوتنهكانی كۆمه‌ڵگه .
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌ژێردروشمی(فێربوون بۆهه‌مووان)و( به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاڵی لهنهخوێندهواری) به‌رنامه‌ی كاره‌كانی خۆی رێكخستووه وداڕشتووه وچه‌ندین هه‌نگاوی پراكتیكی وكردارهكی ناوه بۆخزمه‌تی چین وتوێژه‌كانی گه‌له‌كه‌مان وپه‌ره‌پێدانی توانسته‌كانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه, له‌وانه‌ش جێبه‌جێكردنی سیسته‌می نوێی په‌روه‌رده‌یی وفێركردن وگۆڕینی قۆناغه‌كانی خوێندن بۆ فێركردنی بنه‌ڕه‌تی ودرێژكردنهوهی خوێندنی فه‌رمی(الالزامی) بۆ پۆلی(9) بنه‌ڕه‌تی ونه‌مانی كه‌وتن له‌هه‌رسێ پۆله بنه‌ڕه‌تییه‌كانی یه‌كه‌می خوێندن وهه‌ڵگرتنی ئه‌زموونی به‌كالۆریا له‌پۆلی شه‌ش و( نۆی بنه‌ڕه‌تی) ورێزگرتن له‌كه‌سایه‌تی منداڵ ونه‌مانی به‌كارهێنانی توندوتیژی دژ به‌قوتابی وخوێندكاران وگۆڕینی سه‌رجه‌م پرۆگرامه‌كانی خوێندنی قۆناغه‌كان ودابینكردنی گشت پێداویستییه‌كانی خوێندن به‌خۆڕایی وبهباشترین جۆر‌و شێوه وناوه‌ڕۆكی پێشكه‌وتووی گونجاو, هه‌روه‌ها فراوانكردن وگرنگیدانی زیاتر به‌باخچه‌ی ساوایان وپه‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت وخاوه‌ن پێداویستیه تایبه‌ته‌كان وبه‌جێگه‌یاندنی یه‌كسانی له‌نێوان ره‌گه‌زه‌كاندا, هه‌وڵدان بۆهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای پاڵپشتی فێربوون وكۆمبیوتهر، وكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌هلی وتایبه‌ت وجۆراوجۆركردنی سازدانی چالاكیه هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی هونه‌ری و وه‌رزشی ودیدهوانی، وێڕای به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و زانیاری ومه‌شق وڕاهێنانی مامۆستا‌و په‌روه‌رده‌كاران وبه‌هێزكردنی جۆروكهرهسهكانی توانسته‌كانی فێربوون وفێركردن له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندن كهپهره به‌كارامه‌یی وكه‌سایه‌تیان وپێشكه‌وتنی ژیانیانیان ده‌دات له‌پێناو ده‌سته‌به‌ربوونی زه‌وینه وكهشوههوای دیموكراسی وئازادی وسه‌ربه‌ستی وپێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه وهه‌نگاونان بهرهوسهقامگیربوونی ژیانێكی ئارام وئاسووده ودڵنیایی كه‌زیاتر په‌ره بهچوونهبهر خوێندن بدات وقوتابخانه خۆشه‌ویست بكات لای منداڵان .
وێڕای به‌رده‌وامبوونی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له هه‌ڵمه‌ته‌كانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له‌سه‌رجه‌م شار وشارۆچكه ولادێكانی كوردستان وڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندن بۆتاكهكانی كۆمه‌ڵگه وكه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واران له‌هه‌رێمی كوردستان وله‌ساڵی 2000 تاكو ئێستا رزگاربوونی 322573 سێ سه‌دوبیست ودوو هه‌زار وپێنج سه‌دو حه‌فتاوسێ كه‌س له نه‌خوێنده‌واری, بۆئهمساڵی خوێندنیش(451) بنكه و(973 هۆبه) كراوه‌ته‌وه بۆ(18100) هه‌زار فێرخواز,(6937پیاو),(11163 ژن وئافره‌ت).
مه‌به‌ست وئامانجی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دابینكردنی مافه‌كانه وهاندانیانه بۆفێربوون ونه‌هێشتنی دابڕاوان له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كان وره‌خساندنی هه‌لێكی باش وگونجاو بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان له‌به‌رده‌م واڵابێت وهاوشانی هاوه‌ڵانیان بگه‌ن به‌ماف وداخوازی وئاواتهكانیان وبهسهربهستی له‌پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌شداری بكه‌ن, گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆقوتابخانه وخوێندنگه ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌یه بۆكۆمه‌ڵگه, چونكه ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی دیارده ناشایسته‌كان وه‌كو دیاركه‌وتنی منداڵ وگهنجهكان له‌سه‌ر شه‌قام یا كارپێكردنی منداڵان وچه‌ندین دیارده‌ی دیكه, به‌م پێیه‌ش وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانی به دروستی ڕێڕه‌وی خۆی ده‌گرێت و وڵاتیش به‌ره‌و كه‌ناری ئارامی ودابینكردنی مافه‌كانی كهسیونیشتیمانی وكۆمهڵگهیی ده‌چێت. له‌هه‌مانكاتیشدا تاكی نه‌خوێنده‌وار نامێنێت یا به‌لایه‌نی كه‌م ڕوو له‌كه‌مبوونه‌وه ده‌كات .
هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دابڕاوه‌كان( المتسربین) له‌خوێندن و ڕه‌خساندنی هه‌ل بۆیان بۆدرێژه پێدانی خوێندن له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه وخوێندنگه‌ی( فێركردنی خێرا)كه له‌ساڵی2004ه‌وه ده‌ستی پێكردووه ، (9)ساڵی خوێندنی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی به(5) ساڵی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن ,پۆله‌كانی(1-2) ی بنه‌ڕه‌تی به‌یه‌ك ساڵ,(3-4) به‌یه‌ك ساڵ ,(5-6) به‌یه‌ك ساڵ و(7-8) به‌یه‌ك ساڵ وپۆلی(9)ی بنه‌ڕه‌تی به‌یه‌ك ساڵ, پرۆگرام وبه‌رنامه‌ی خوێندنی تایبه‌تی بۆئامادهكراوه. بۆئهمساڵی خوێندنیش(85) قوتابخانه بۆ(12333) هه‌زار فێرخواز,(7489 كوڕ) و(4844 كچ) له‌هه‌ر پێنج ئاستی خوێندن كراوه‌ته‌وه وئازادن له‌درێژه پێدانی ئاسایی خوێندنیان .
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا داواكارین كه(هه‌فته‌ی جیهانی فێربوون بۆهه‌مووان)به‌گشتی و‌دروشمی تایبه‌تی ئه‌مساڵ ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆزیاتر قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی هاوكاری وهه‌ماهه‌نگی وكۆڵنهدانی هاونیشتیمانیان ومامۆستایان ودایكان وباوكان ودامودهزگهكانی ڕاگه‌یاندن ورۆژنامه‌وانی ورێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی حكومه‌ت له‌په‌ره‌پێدان وداڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه وستراتیژییه‌تی په‌روه‌رده‌و فێركردن له‌هه‌رێمی كوردستان, بابه‌یه‌كه‌وه ببینه پاڵپشت وپشتیوان بۆخزمه‌تی ڕۆڵه‌كانمان وپێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی پڕ زانست ونوێخواز ورۆشنبیر كهدواڕۆژی خاك ونیشتیمانه‌كه‌مان بهرهوپێشكهوتن وشارستانیه‌ت وئاسووده‌یی ببات ولهههمانكاتیشدا له‌نێو هیچ خێزانێكدا كه‌سی نه‌خوێنده‌وار ودابڕاو له‌خوێندن نه‌مێنێت ................ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده........... 19/4/2010